هه‌ولێر … ده‌رچووانی خوێندنی ئیسلامی له خۆپیشاندانێكدا داواده‌كه‌ن له كۆلێژی شه‌ریعه وه‌ربگیرێن
11/10/ 2009 - 12:43
هه‌ولێر/ ئه‌سوات ئه‌لعیراق: به ده‌یان ده‌رچووی خوێندنی ئیسلامی له هه‌ولێر، سێشه‌ممه، خۆپیشاندانێكیان بۆ به‌رده‌م وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێم سازكرد‌و داوایان كرد له كۆلێژی شه‌ریعه‌ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین وه‌ربگیرێن.
خۆپیشانده‌ران روونیان كرده‌وه كه كێشه‌كه په‌یوه‌ندیی به وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌وه هه‌یه كه ناویانی نه‌ناردووه بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا تا له زانكۆ وه‌ربگیرێن.
خه‌دیجه محه‌مه‌د یه‌كێك له به‌شداربووانی خۆپیشاندانه‌كه به ئاژانسی(ئه‌سوات ئه‌لعیراق)ی راگه‌یاند “ئێمه نزیكه‌ی 240ده‌رچووی ئاماده‌یی خوێندنی شه‌ریعه‌ی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێمین، كه‌چی ناومان له نێو ناوی ده‌رچووانی شه‌شی ئاماده‌یی بۆ وه‌رگرتنمان له كۆلیژی شه‌ریعه سه‌ر به زانكۆی سه‌ڵاحه‌دیندا نییه”.
رونیشیكرده‌وه “ئێمه نمره‌كانمان له 70به‌ره‌و خواره‌وه‌یه‌و ناومان نه‌هاتۆته‌وه له كاتێكدا ده‌رچووانی شه‌شی ئاماده‌یی سه‌ر به وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده كه نمره‌كانیان له50به‌سه‌ره‌وه‌یه له كۆلیژی شه‌ریعه وه‌رگیراون”.
ئه‌و خۆپیشانده‌ره وتیشی “ئێمه گومانمان هه‌یه به مه‌به‌ستی دیاریكراو ئه‌م كاره كرابێت، چونكه ره‌وا نییه له كۆی27هه‌زار ده‌رچووی ئاماده‌یی ته‌نیا ناوی ئێمه له نێو كۆمپیوته‌ردا نه‌بێت”.
(ئه‌سوات ئه‌لعیراق) هه‌وڵیدا په‌یوه‌ندی به لایه‌نی په‌یوه‌ندار له وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌وه بكات به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كه سه‌ری نه‌گرت.
ف م (خ) – ع ع


Print version
